٥ ئەیلوول ٢٠٢٠ - ١٢:٠٥
شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کورستان رایگەیاند: سبەی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی دەچێتەوە بەغدا.

به پیی هه وال ده ریی ئالو به یت(ع) ـ ابنا ـ سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کورستان,  سبەی یەکشەممە شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی دەچێتەوە بەغدا بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی بەتایبەت پرسی بودجە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە گفتوگۆکان بۆ ئەوەیە لە پڕۆژە یاسای 2021دا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت.

هەریەکە لە وەزیرانی دارایی و پلاندانان، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئەندامێتی شاندەکە دەکەن.
 
ناوەڕاستی مانگی رابردوو، دوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی سەرۆک بەرهەم، سەرۆک کۆماری عێراق بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێکنزیککردنەوەی هەرێم و بەغداد، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لە سەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێککەوتن.

بەپێی رێککەوتنەکە، بڕیاردراوە تا وەکوو ماوەی سێ مانگ و مانگانە بڕی 320 ملیار دینار لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، دو رۆژ دوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی کازمی و مەسرور بارزانیش 320 ملیار بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەی هەولێر کرا.

بەپێی ئەو رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە نەوتێک رادەستی عێراق ناکات، لەبەرامبەردا رێگە بە حکومەتی فیدڕاڵی دەدات بەهاوبەشی خاڵە گومگرگییەکان بەڕێوەببەن.